دواین بابەتەکان

وه‌ڵامى شوبهەی قورئانییەكان ... ئەڵقەی دووەم
نووسەر: مامۆستا سۆران ڕەفیق سەردان: ٤٢٠

وه‌ڵامى شوبهەی قورئانییەكان ... ئەڵقەی دووەم
ده‌ڵێن : " سوونەت ـ فەرموودە ـ وەحی دابەزێنراو نییە لە لایەن خوای گەورەوە بۆیە پێویست نییە لە سەرمان شوێنی بكەوین " !!!
وەڵام : ئەمەش یەكێكی ترە لەو گومانانەی كە ـ نا ـ قورئانییەكان دەیوروژێنن و هەندێك بەڵگە بە حیسابی خۆیان دێننەوە بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەیان كە لە ڕاستییدا بەڵگەن لەسەرخۆیان نەك بەڵگە بن بۆیان وەك دواتر دێینە سەریان ووەڵامی ئەم شوبهەیە بە ئیزنی پەروەردگارلە چەند خاڵێكدا كۆ دەكەینەوە :
یەكەمیان : پێش هەمووشت ئەوە ڕوون و ئاشكرایە كە موسوڵمانان و پێشەوایانی ئوممەت بەگشتیی كۆدەنگن لەسەر ئەوەی كە سوننەت وەك قورئان وایە و پێویستە موسوڵمان هەرفەرموودەیەكی بە صەحیحی پێگەیشت كاری پێبكات وەك چۆن كار بە قورئان دەكرێت و ئەم كۆدەنگییە بەتایبەتی لە ژیانی هاوەڵاندا بەشێوەیەكی زۆر ئاشكرا ڕەنگی داوەتەوە , ئەوەتا هەمیشە كۆمەڵێكی زۆر لە هاوەڵان لە هەوڵی ئەوەدا بوون كە هەر فەرمایشتێك لە زاری پێغەمبەرەوە صلى الله عليه‌ وسلم دەربچێت یەكسەر لەبەری بكەن و كاری پێبكەن و دەماودەم بۆیەكتری بگێڕنەوە وبۆ دوای خۆیشیان بيگێڕنەوە و لەولاشەوە كۆمەڵێك كە كەم نەبوون لە هاوەڵان كە خوێندن ونووسینیان دەزانی فەرموودەكانیان دەنوووسیەوە وهەركاتێك دواي وه‌فاتي پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه‌ وسلم بابەت و پرسێك بهاتبایەتە پێش و لە قورئاندا وەڵامیان نەدۆزیبایەوە ئەوا نووسراوەكانی خۆیان دەردەهێنا ولە ڕێگەی ئەو فەرمووودانەوە وەڵامی گونجاویان دەدۆزییەوە یان لە یەكتریان دەپرسی كەس هیچی لە پێغەمبەری خواوەصلى الله عليه‌ وسلم بیستووە دەربارەی ئەو پرسە ؟ ئه‌مه‌شيان ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ حوكمي ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌ربگرن له‌و فه‌رمووده‌وه‌ و هيچي تر .
دووەم : ئەوەی قورئان بخوێنێتەوە دەبینێت دەیان بەڵگەی تیایە كە بە شێوەیەكی ئاشكراو ڕاشكاوانە نیشانەن لەسەر ئەوەی كە سوننەت (فەرموودە) وەحی یەوله‌ ڕووى حوكمه‌وه‌ جياواز نييه‌ له‌ قورئان و لەو بەڵگانەش :
خوای گەورە فەرموویەتی : ((وَمَا يَنْطِقُ عَنِ الْهَوَى (3) إِنْ هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَى)) النجم (3-4) , واتە "هیچ قسەیەك لە خۆوە بە دەمیدا نایەت , لەڕاستییدا ئەوەی دەیڵێت تەنها وەحی و سرووشی خوداییەو بۆی كراوە" و هەروەك ئیمامی قورتوبی لە تەفسیرەكەیدا و لە ڕاڤەی ئەم ئایەتەدا فەرموویەتی (أي مايخرج نطقه عن رأيه , إنما هو بوحي من الله عز وجل , وفيه دلالة على ان السنة كالوحي المنزل في العمل ـ واتەگۆكردنی قسەكانی لە بۆچوونی خۆیەوە دەرناچن بەڵكو تەنها بە وەحییەلەخودای گەورەوە , وەبەڵگەی ئەوەشی تێدایە كە فەرموودەش وەكو وەحیی دابەزێنراو وایە لە كارپێكردندا ) كە تەنها ئەم ئایەتە بەڵگەی ئەوەی تیایە كە هەموو قسەكانی ئەوان بە درۆ بخاتەوە وگومانەكەیان هەڵبوەشێنێتەوە .
لەوەش زیاتر دەبینین خوای گەورە دەفەرموێت : ((وَلَوْ تَقَوَّلَ عَلَيْنَا بَعْضَ الْأَقَاوِيلِ (44) لَأَخَذْنَا مِنْهُ بِالْيَمِينِ (45) ثُمَّ لَقَطَعْنَا مِنْهُ الْوَتِينَ)) الحاقە (44-45-46) واتە : ئەگەر ئەو پێغەمبەرە صلى الله‌ عليه‌ وسلم لە خۆوە شتێك بڵێت كە ئەمری پێ نەكرابێت ودانراوی خۆی بێت ئەوا بێگومان بە هێزو توانای خۆمان لە ناوی دەبەین و شادەماری دڵی دەبڕین " ئەوەتا لێرەشدا ئەومانایە دووبارە دەبێتەوە كەپێغەمبەری خواصلى الله عليه‌ وسلم لە خۆوە شتێك ناڵێت وەك لە ئایەتی یەكەمدا هاتبوو و لەگەڵ ئەوەشدا خوای گەورە هەڕەشە دەكات لەوەی كە ئەگەر بێتوو(موحەممەد صلى الله عليه‌ وسلم )تەنانەت تاكە ووشەیەكیش لە خۆوە بڵێت دەربارەی شەریعەت و وشەكە لەوانە نەبێت كە خودا فەرمانی پێكردووە بیكات , ئەوا تووشی نەك هەر سزا بەڵكوو لەناوبردننێكی بە هێز دەبێتەوە و هەمووشمان ئەوە دەزانین كە خوای گەورە پەیمان و بەڵێن وهەڕەشەی خۆی دەباتە سەر و لە كاتی جێبەجێ نەبوونی هیچ كام لەو هەڕەشەنادا ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە كە ئەوەی پێغەمبەرصلى الله عليه‌ وسلم فەرموویەتی و ئیقراری كردووەو ئەنجامی داوە هەمووی بە فەرمانی خوای گەورە بووە و لە چوار چێوەی ئەو وەحیی خوداییەدابووە و گەر وانەبوایە ئەوا خوای گەورە خۆی لە ناوی دەبرد.
سێیەم : خوای گەورە فەرموویەتی : ((هُوَ الَّذِي بَعَثَ فِي الْأُمِّيِّينَ رَسُولًا مِنْهُمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آَيَاتِهِ وَيُزَكِّيهِمْ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَإِنْ كَانُوا مِنْ قَبْلُ لَفِي ضَلَالٍ مُبِينٍ)) الجمعە:2/ واتە "ئەوە خوای گەورەیە كەلەناو نه‌خوێنده‌واره‌كاندا(مه‌به‌ست عەرەبه‌ كە هیچ كیتابێكیان بۆ دانەبەزیبوو)پەیامبەرێكی لە خۆیان بۆ ناردن كە ئایەتەكانی ئەوی بەسەردا دەخوێندنەوەو پاكیان دەكاتەوەو فێری كیتاب (قورئان ) و حیكمەت (سوننەت)یان دەكات , هەرچەندە لە پێش ئەوەدا لە گومڕاییەكی ئاشكرادابوون "
دوای ووردبوونەوەیەكی كەم لەم ئایەتە پیرۆزە لە دوو لایەنەوە وەڵاممان بۆ ئەم شوبهەیە دەستدەكەوێت ,
لایەنی یەكەمیان : ئەوەیە خوای گەورە فەرموویەتی (وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ) واتە فێری قورئانیان دەكات ,خۆناكرێت كەس بڵێت ئەم فێركردنە خوێندنەوەی قورئان بووە چونكە ئاشكرایە كە پێغەمبەری خوا خوێندەوارنەبووە و قورئانيش به‌ جارێك دانه‌به‌زيوه‌ , بۆیە بە دڵنییاییەوە ئەم فێر كردنە بریتییە لەو هەموو زانستەی كە پێویستە موسوڵمان لە قورئانی وەربگرێت و ئەمەش لە ڕێگەی ئەو هەموو فەرموودانەوە دەبێت كەپێیان ڕاگەیاندووین پێغەمبەری خوا صلى الله عليه‌ وسلم چۆن و بە چی شێوەیەك قورئانی تەرجوومە كردووە بۆ كردار وپێویستە تەرجومە كردنەكەش بۆ كردار بەپێی ویستی خوای گەورە بێت ئەوەش وا پێویست دەكات بە وەحی خودایی ڕوونبكرێتەوە .
لایەنی دووەم : لەم ئایەتەدا بریتییە لە ووشەی ( وَالْحِكْمَةَ) و وەك لەو ئایەتەو كۆمەڵێك ئایەتی تردا هاتووە لەوانە :
ئایەتی : ((كَمَا أَرْسَلْنَا فِيكُمْ رَسُولًا مِنْكُمْ يَتْلُو عَلَيْكُمْ آَيَاتِنَا وَيُزَكِّيكُمْ وَيُعَلِّمُكُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَيُعَلِّمُكُمْ مَا لَمْ تَكُونُوا تَعْلَمُونَ)) البقرە :151 .
وئایەتی : ((وَاذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ وَمَا أَنْزَلَ عَلَيْكُمْ مِنَ الْكِتَابِ وَالْحِكْمَةِ يَعِظُكُمْ بِهِ وَاتَّقُوا اللَّهَ وَاعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ)) البقرە :231.
هەروەها ئایەتی : ((وَأَنْزَلَ اللَّهُ عَلَيْكَ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَعَلَّمَكَ مَا لَمْ تَكُنْ تَعْلَمُ وَكَانَ فَضْلُ اللَّهِ عَلَيْكَ عَظِيمًا)) النسا‌ء:113.
دەبینین لەگەڵ وشەی(كتاب) قورئاندا وشەی (حكمة) هاتووە كە ئەم وشەیەی دووەمیان زانایان بە سوننەت لێكیان داوەتەوە وەك ئیمامی (مەڕڕوزی) لە كتێبی (السنة) داسەبارەت بە ئایەتی (231)ی سورەتی (البقرة) دەڵێت : {تأولت العلماء ان الحكمة ها هنا السنة لأنه قد ذكر الكتاب ثم قال والحكمة ففصل بينهما بالواو فدل ذلك على ان الحكمة غير الكتاب وهي ماسن الرسول صلى الله عليه وسلم مما لم يذكر في الكتاب لأن التأويل ان لم يكن كذلك فيكون كانه قال : وانزل اليك الكتاب والكتاب وهذا بعيد },واتە "زانایان وشەی (الحكمة)یان لێرەدا بە سوننەت لێكداوەتەوە چونكە وشەی كیتاب هاتووە و دواتر وشەی حیكمە و بە پیتی (و) لەیەك جیاكراونەتەوە ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە حیكمە جیاوازە لە كیتاب و بریتییە لەوەی كە پێغەمبەری خواصلى الله عليه‌ وسلم دایناوەو لەوەی كە لە كیتاب (قورئان)دا نییە , چونكە ئەگەر لێكدانەوەكە وا لێكنەدرێتەوە ئەوا وەك ئەوەی لێدێت كە وتبێتی : (كیتاب و كیتابی بۆدابەزاندووی) و ئەوەش دوورە".واتە ئەوه‌ش نابێت و دوورە لە كاردرووستیی خوای گەورەوە .
هەروەها ئایەتی:((وَمَا آتَاكُمُ الرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَاكُمْ عَنْهُ فَانْتَهُوا)) (الحشر:7) , واتە "ئەوەی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه‌ وسلم هێنای و پێی گەیاندن وەریبگرن و جێبە جێی بكەن و ئەوەش ئەو لێی قەدەغە كردوون لێی دوور بكەونەوە " و ئەم ئایەتە ئاماژەی ئاشكرای تیایە بۆ ئەوەی كەسوننەتیش وەك قورئان وایە بەڵام بۆ كەسێك كە گوێی خۆی دانەخات لە ئاستی حەق و دڵي به‌ تۆزي نكووڵي دانه‌پۆشرابێت.
چوارەم : خوای گەورە فەرموویەتی : ((سَيَقُولُ السُّفَهَاءُ مِنَ النَّاسِ مَا وَلَّاهُمْ عَنْ قِبْلَتِهِمُ الَّتِي كَانُوا عَلَيْهَا قُلْ لِلَّهِ الْمَشْرِقُ وَالْمَغْرِبُ يَهْدِي مَنْ يَشَاءُ إِلَى صِرَاطٍ مُسْتَقِيمٍ)) البقرە : 142.واتە " خەڵكێكی گێل و نەفام دەڵێن چی وای لێكردن ڕوو لەو قیبلەیە وەرگێڕن كە لە سەری بوون , (ئه‌ى موحه‌ممه‌د) پێیان بڵێ ڕۆژهەڵات و ڕۆژ ئاوا موڵكی خوای گەورەیە و ئەو خوایە هەركەسێكی بیەوێت ڕێنموونی دەكات بۆسەر ڕێگەی ڕاست".
لە كاتێكدائەم ئایەتە دەخوێنینەوە بە ڕوونی بۆمان دەردەكەوێت كە قیبلەیەك هەبووە موسوڵمانان پێش (كعبه‌-كابە) ڕوویان تێكردووە و دواتر خوای گەورە بە فەرمانی خۆی گۆڕیویەتی بۆ بەیتوڵای حەرام كه‌ له‌ مه‌ككه‌يه‌ , جا لێرەدا ئێمە دەپرسین ودەڵێین ئەگەر سوننەت پێش ئەو كاتە وەك قورئان كارپێكراو نەبووە ؟ بە چی ئایەتێك و لە كام كیتابدا هاتووە كە پێشتر موسوڵًمانان شوێنێكی تر بكەنە ڕووگە (قبلە) ی خۆیان ؟ بێگومان بە فەرمانی پێغەمبەری خواصلى الله‌ عليه‌ وسلم ئەو شوێنەكرابووە ڕووگەی موەسوڵمانان .
پێنجەم : لەم خاڵەدا پشت بە خوا وەڵامی ئەو شوبهانەی ئەوان دەدەمەوە كە دەیهێننەوە وەك بەڵگەیەك بۆ سەلماندنی قسەكانی خۆیان و وەك پێشتریش وتمان لە بنچینەدا زۆرێك لەو بابەتانە بەڵگەن لە سەریان و لەوانە:
1- پرسی نێرومێ كردنی (تأبیر- تلقيح) ی دارە خورمایان كردۆتە باسێك بە دەستیانەوە و دەڵێن {ئەوەتا پێغەمبەری خوا صلى الله عليه‌ وسلم فەرموویەتی گەر (نێرو مێ) شی نەكەن هەردەبێت و ئەوە بوو دواتر بەرهەمی نەبوو دوای ئەوەش پێغەمبەری خواصلى الله عليه‌ وسلم فەرمووی ئێوە شارەزاترن بە بابەتی دونیاتان }.
ئیمەش لەوەڵامدا دەڵێین فەرموودەكە كە تەواوترین ڕیوایەتیان لە صەحیحی ئیبن وحیباندا هاتووە بەم شێوەیە :
( قدم نبي الله صلى الله عليه وسلم المدينة وهم يؤبرون النخل يقول يلقحون ، قال : فقال : " ما تصنعون ؟ فقالوا : شيئا كانوا يصنعونه ، فقال : " لو لم تفعلوا كان خيرا " ، فتركوها فنفضت ، أو نقصت ، فذكروا ذلك له ، فقال صلى الله عليه وسلم : " إنما أنا بشر ، إذا حدثتكم بشيء من أمر دينكم فخذوا به ، وإذا حدثتكم بشيء من دنياكم ، فإنما أنا بشر) " واتە كە كاتێك پێغەمبەری خواصلى الله‌ عليه‌ وسلم هاتە مەدینەو بینی دارە خورمایان نێرو مێ دەكرد, فەرمووی چی دەكەن ؟ ئەوانیش وتیان شتێكە پێشتریش كردوویانە و ئەویش فەرمووی ئەگەر وا نەكەن باشتر دەبێت , وئەوانیش وازیان لێهێنا و دواتر سەری نەگرت و هاتنە لای و باسیان كرد بۆی و ئەویش صلى الله‌ عليه‌ وسلم فەرمووی من تەنها مرۆڤێكم , وئەگەر باسی شتێكم بۆ كردن لە بابەتی ئایینەكەتان ئەوە وەریگرن و ئەگەر شتێكم پێ وتن دەربارەی دونیاتان ئەوە من تەنها مرۆڤێكم ."
وەك ئاشكرا دیارە لە فەرموودەكەدا پرسی نێرومێ كردنی دارە خورما بابەتێكی دونیاییەو پەیوەندی بە شەرعەوەنییە و پێغەمبەری خواش صلى الله عليه‌ وسلم فەرمووویەتی ئەوەی دەربارەی دونیاتان بوو ئەو ا من تەنها مرۆڤێكم واتە ئێوه‌ شاره‌زاترن به‌و كاره‌ى دونياتان , بەڵام سەیر لەوەدایە ئەمانە باوەڕیان بەو بەشەی فەرموودەكە هەیەو دەیكەنە بەڵگە بۆ خۆیان بەڵام ئەو بەشەی فەرموودەكە كەدەفەرموێت ئەوەی پرسی ئایین بوو ئەوا وەری بگرن بۆ ئەمەیان باوەڕیان بە فەرموودەكە نییە واتە باوەڕ بەنیوەی دەهێنن كە لە گەڵ ئارەزوویاندا دەگونجێت و باوەڕبەو نیوەكەی دیكە ناكەن چونكە سەرلەبەری بیرۆكەكەیان هەڵدەوەشێنێتەوە لێرەشدابێ ئینصافی ئه‌و- نا- قورئانييانه‌ دەردەكەوێت . لە لایەكی ترەوە ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە هاوەڵان هەموو قسەیەكیان لە پێغەمبەری خواصلى الله عليه‌ وسلم بیستبێت بە وەحیی لێی تێگەیشتوون بۆیە بێ ئەمرییان نەكردووە له‌ كاروباري دونياشياندا , تا ئەوەتاپێغەمبەری خوا صلى الله‌ عليه‌ وسلم پێی فەرمون دین ودونیالەیەك جیابكەنەوە .
2- بابەتی جەنگی (بەدر) یەكێكی ترە لەو بابەتانە , كە ئەوەبوو یەكەمجار لە شوێنێك سوپاكەیان دابەزاند و ئەو شوێنە زۆر شیاو نەبووبۆ سه‌نگه‌ر گرتن, ئەوەبوو یەكێك لە هاوەڵان پرسی ئەی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه‌ وسلم ئایا بە ویستی خوای گەورە لێرە هەڵتداوە یان ئەمە كاری شەڕو هونەری جەنگە و ئەویش فەرمووی بەڵكو كاری شەڕوهونه‌ری جەنگە , ئەوەبوو ئەوهاوه‌له‌ شوێنێكی باشتری هەڵبژاردو دواتر شەڕەكە به‌ قازانجي موسڵمانان كۆتايي هات و ئەمەش وەك بەڵگەی یەكەم بە ئاشكرا دیارە هاوەڵان بە هه‌موو كارو قسه‌يه‌كي پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه‌ وسلم به‌وەحیی دەزانن بەڵام ئەوەتا پێغەمبەری خوا صلى الله عليه‌ وسلم خۆی فەرموویەتی ئەمە وەحیی نییە و بۆیە شوێنەكە دەگۆڕن و ئەگەر ئەو هاوەڵە بەڕێزە ئەو پرسیارەی نەكردبایە بێگومان لەوێ دەمانەوە چونكە هەمووكاری پێغەمبەریان صلى الله‌ عليه‌ وسلم لە سەرەتادا بەوەحی زانیوە . له‌م هه‌موو نموونانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت سوونه‌تيش وه‌ك قورئان وه‌حيي خوداييه‌ .
لەبەر زیاتر درێژ نەبوونەوە بەم دوونموونەیە كۆتاییمان هێنا بەم باسەو بەڵگەكانی تریان زۆر لەمانە لاوازترن بۆيه‌ ئه‌م دووانه‌مان هه‌ڵبژارد .
تێبینی : وتاری داهاتوومان بە ئیزنی خوا وەڵامی شوبهەی (ئەگەر سوننەت بەشێك بوایە لە ئایین ئەوا پێغەمبەری خواصلى الله‌ عليه‌ وسلم پەیڕوێكی بۆ پاراستنی دادەنا وەك ئەوەی بۆ قورئانی داناوە) .




دواین بابەتەکان

دواین کتێب

نامه‌یه‌كى كراوه‌ بۆ ئه‌بوبه‌كر كاروانى به‌ڵێ سه‌له‌فیه‌كان نامۆن ، به‌ڵام ؟! داگرتن

دەنگ
حوکمی گاڵتەکردن بەخوا و بەئیسلام


داگرتن

هەموو دەنگەکان 



میوانانی سەرهێڵ : ٢               میوانانی ئەمڕۆ : ٦               کۆی سەردان : ٩٨٨٤٦